Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژی حەنا
2 حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
جیهانی لەسەر داناوە.
9 پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.
«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10 نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.
«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
یەزدان ساموئێل بانگ دەکات
3 منداڵەکەش، ساموئێل، لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.
2 لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو، 3 ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە، 4 جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد.
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» و 5 ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.
6 یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»
7 ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.
8 بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات. 9 جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.
10 ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!»
ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»
11 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە. 12 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم. 13 من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن. 14 لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو هەتاهەتایە.»
15 ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بە عێلی ڕابگەیەنێت. 16 ئینجا عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم ساموئێل.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
17 عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.» 18 ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»
نموونەی ڕەزەوانە کرێگرتەکان
12 دەستی پێکرد بە نموونە قسەیان بۆ بکات: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، دەوروپشتەکەی پەرژین کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 2 لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. 3 بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. 4 دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ ناردن، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. 5 یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.
6 «یەکێکی مابوو، کوڕە خۆشەویستەکەی، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
7 «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 8 ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.
9 «خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. 10 ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە:
«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
11 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە][b]؟»
12 کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.