Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژی حەنا
2 حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
جیهانی لەسەر داناوە.
9 پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.
«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10 نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.
«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
حەنا ساموئێل تەرخان دەکات
21 ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی. 22 بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
23 ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
24 پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە[a] ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو. 25 ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی، 26 حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان، 27 لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد. 28 لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.»
ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.
تێکۆشانی باوەڕ
11 بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. 12 لە تێکۆشانی باوەڕدا باش تێبکۆشە، دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک باش دانت پێدا ناوە لەبەردەم شایەتی زۆردا. 13 ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، 14 کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، 15 ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، 16 تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.
17 دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕاسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. 18 ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن، ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، 19 بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێک بەدەستدەهێنن کە ڕاستەقینەیە.
20 تیمۆساوس، سپاردەکە[a] بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، 21 کە هەندێک کردیانە پیشە و سەبارەت بە باوەڕ گومڕا بوون.
با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.