Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
113 هەلیلویا!
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
4 یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
6 ئەوەی دەچەمێتەوە
هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.
هەلیلویا!
ئیسحاق و ڕڤقە
24 ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد. 2 ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەرچییەکیشی هەبوو بە دەست ئەو بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم. 3 سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. 4 بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم، بۆ ئیسحاق دەهێنیت.»
5 خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
6 ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ. 7 یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی برد، ئەوەی پێی فەرمووم و ئەوەی سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت. 8 خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.» 9 ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
10 ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەکانی گەورەکەشی بە دەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[a] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر.
شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران
5 پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا، 2 پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.
دەربارەی بێوەژنان
3 ڕێز لەو بێوەژنانە[a] بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. 4 بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. 5 بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. 6 بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. 7 جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. 8 بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.