Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
20 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
21 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
22 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
لە فەرزەکانی لام نەداوە.
23 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
خۆم لە گوناه پاراستووە.
24 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
25 لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
26 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
27 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.[a]
28 ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
29 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
30 ڕێبازی خودا تەواوە،
بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
8 لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە تەماشای کرد ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.
9 گوتی: «تۆ کێیت؟»
ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە[a] بەسەر خزمەتکارەکەتدا چونکە تۆ خوێنگری منیت.»
10 ئەویش گوتی: «با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت کچەکەم، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت، چونکە هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند. 11 ئێستاش کچی خۆم مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو پیاوماقوڵانی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت. 12 ئێستاش ڕاستە من خزمم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.[b] 13 ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»
14 ئەویش لەلای پێیەوە پاڵکەوت هەتا بەرەبەیان، ئینجا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت بیناسێتەوە، هەستا. بۆعەز گوتی: «کەس نازانێت کە ئافرەتێک هاتووە بۆ سەر جۆخینەکە.»
15 ئینجا بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «چارۆکەکەی بەرت بهێنە و بیگرەوە.» ئەویش گرتییەوە و بۆعەزیش شەش پێوانەی لە جۆ کێشا و خستییە سەری. ئینجا بۆعەز چووە ناو شارۆچکەکەوە.
16 ڕائووسیش کە هات بۆ لای خەسووی، خەسووی لێی پرسی: «کچم چیت کرد؟»
ئەویش بۆعەز هەرچییەکی بۆ کرد بۆی گێڕایەوە. 17 گوتی: «ئەم شەش پێوانە جۆیە ئەو پێیدام، چونکە گوتی: ”بە دەستبەتاڵی مەچووەوە لای خەسووت.“»
18 ئینجا ناعۆمی گوتی: «کچم دابنیشە هەتا دەزانیت کارەکە چی لێدێت، چونکە پیاوەکە هێوور نابێتەوە هەتا ئەمڕۆ کارەکە تەواو نەکات.»
ڕاسپاردەی نوێ
31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.
34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.