Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 42:1-6

وەڵامی ئەیوب

42 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

«زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛
    ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.
پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“[a]
    بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات،
    بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین.

«فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛
    لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“
بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست،
    ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی.
لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و
    لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.»

ئەیوب 42:10-17

10 دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد. 11 ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.

12 یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو. 13 هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو. 14 کچی یەکەمی ناونا، یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک. 15 لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.

16 ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی. 17 ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.

زەبوورەکان 34:1-8

زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.[a]

34 هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
    هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
    با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
    با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
    لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
    ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
    لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
    دەربازیان دەکات.

تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
    خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.

زەبوورەکان 34:19-22

19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
    بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
    هیچیان ناشکێنرێت.

21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
    ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
    ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.

عیبرانییەکان 7:23-28

23 کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن. 24 بەڵام چونکە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە. 25 لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.

26 لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆک کاهینە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا. 27 ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆک کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان. 28 تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆک کاهین دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە[a] دادەنێت کە هەتاهەتایە تەواوکراوە.

مەرقۆس 10:46-52

عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە

46 ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. 47 کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

48 زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»

49 عیسا ڕاوەستا، فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» 50 ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستایەوە، هاتە لای عیسا.

51 عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، با ببینم.»

52 عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.