Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 34:1-8

زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.[a]

34 هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
    هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
    با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
    با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
    لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
    ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
    لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
    دەربازیان دەکات.

تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
    خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.

زەبوورەکان 34:19-22

19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
    بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
    هیچیان ناشکێنرێت.

21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
    ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
    ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.

ئەیوب 42:7-9

بەشی کۆتایی

دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد. ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.» ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.

مەرقۆس 8:22-26

چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا

22 هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. 23 ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»

24 سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»

25 دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.