Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
2 تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
3 کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[a]
4 بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
5 هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
6 چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
7 بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
8 چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
9 بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»
41 «ئایا دەتوانیت لیڤیاتان[a] بە قولاپ ڕاو بکەیت،
یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟
2 ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی
یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟
3 ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە
یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟
4 ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت
کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟
5 ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت
یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟
6 ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن
یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟
7 ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و
سەریشی پڕ لە تیر؟
8 دەستت لەسەری دانێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە،
جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!
9 هیوابوون بە گرتنی خەون بینینە،
هەر بە بینینی دەتۆقیت.
10 کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت،
ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟
11 کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟
ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.
خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر
13 کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات، 14 فەرمووی: [بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت چەندبارە دەکەم.][a] 15 بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.
16 خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە. 17 خودا سوێندی خوارد چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات. 18 خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە[b] کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، ئێمە کە پەنامان بۆ ئەو بردووە، بە دڵنەوایی زۆرەوە دەستبگرین بەو هیوایەی کە لەپێشمانی داناوە. 19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە، 20 لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆک کاهین، لە پلەی مەلکیسادق.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.