Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
2 تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
3 کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[a]
4 بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
5 هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
6 چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
7 بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
8 چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
9 بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»
40 یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:
2 «ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟
ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»
3 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
4 «من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟
من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.
5 جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم،
دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»
6 یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
7 «ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛
من پرسیارت لێ دەکەم و
تۆش وەڵامم بدەوە.
8 «ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە،
تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟
9 یان بازووێکت وەک خودا هەیە و
بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟
10 ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە،
ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.
11 لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و
تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،
12 سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە،
لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.
13 تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە،
لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.
14 منیش دان بەوەدا دەنێم،
کە دەستە ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.
15 «سەیری بەهێمۆت[a] بکە،
کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد
وەک مانگا گیا دەخوات.
16 ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و
تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.
17 کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛
ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.
18 ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن،
چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.
19 ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە،
بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.
20 چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و
هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.
21 لەژێر درەختەکانی لۆتس[b] ڕادەکشێت،
خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.
22 درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛
شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.
23 ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت،
ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.
24 ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات،
یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟
پاشگەزبوونەوە لە باوەڕ
6 بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا، 2 فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی. 3 ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.
4 ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز، 5 هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە، 6 ئەگەر هەڵگەڕانەوە[a]، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.
7 لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانەی خواردەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێک دەدات کە گونجاوە بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە فەڕی دەبێت. 8 بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی[b] بەرهەم هێنا، ئەوا پووچ و نزیکە نەفرەتە، کۆتاییەکەی سووتانە.
9 خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری. 10 خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن. 11 ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا تاکو کۆتایی، 12 تاکو تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.