Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[a] زەبوورێکی داود.
39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
دەمم بە لغاو دەبەستم.»
2 بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
ئازارم زیاد بوو.
3 دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:
4 «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
5 بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[b]
6 «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.
7 «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
هیوای من بە تۆیە.
8 لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
9 بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە هاوارم بگرە،
لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»
ئەلیهو
32 ئیتر ئەو سێ پیاوە لە وەڵامدانەوەی ئەیوب وازیان هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی. 2 بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد. 3 لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد. 4 ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون. 5 کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.
6 ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە:
«من تەمەنم کەمە و
ئێوەش پیرن؛
لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام
بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
7 گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و
با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
8 بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بە توانایە،
ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
9 تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و
تەنها پیران نین کە دادوەری تێدەگەن.
10 «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛
منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
11 ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان،
گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛
هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
12 لێتان وردبوومەوە.
بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و
وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
13 لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛
با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
14 ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و
منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.
15 «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛
قسەیان لێ داماڵرا.
16 ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم،
کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
17 ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛
منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
18 چونکە پڕم لە قسەکردن و
ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
19 ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە،
وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
20 قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛
لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
21 لایەنگری کەس ناکەم و
مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
22 چونکە زمانلووسی نازانم
جارێ دروستکەرەکەم نامبات.
نموونەی هەژارێک و دەوڵەمەندێک
19 «پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد. 20 هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو، 21 پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە.
22 «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا. 23 لە جیهانی مردووان[a] سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو. 24 هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“
25 «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. 26 سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“
27 «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم، 28 چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“
29 «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان[b] هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“
30 «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“
31 «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.