Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 23:1-9

قسەی هەشتەمی ئەیوب

23 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛
    لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛
    دەهاتمە لای نشینگەکەی!
بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی،
    دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و
    لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟
    نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و
    بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.

«بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە،
    بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛
    کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.

ئەیوب 23:16-17

16 خودا دڵی بێهێز کردم؛
    توانادارەکە منی تۆقاند.
17 لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش
    کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.

زەبوورەکان 22:1-15

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود.

22 خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
    بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
    بە شەویش ئارامیم نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
    لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
    پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
    پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.

بەڵام من سەگم[a] نەک مرۆڤ،
    مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
    توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
«پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
    با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە؟»

بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
    کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
10 من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
    لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.

11 لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
    کەس نییە یارمەتیم بدات.

12 گای زۆر دەوریان داوم،
    گایە بەهێزەکانی باشان[b] ئابڵوقەیان داوم.
13 وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
    ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
14 وەک ئاو ڕژام،
    هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
    لە ناخمدا تواوەتەوە.
15 هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
    زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
    منت خستە ناو خاکی مەرگ.

عیبرانییەکان 4:12-16

12 چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. 13 بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

عیسا سەرۆک کاهینی پایەبەرزە

14 لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆک کاهینە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەوە کە دانمان پێدا ناوە، 15 چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. 16 بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت[a] بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.

مەرقۆس 10:17-31

گەنجە دەوڵەمەندەکە

17 کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟»

18 عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. 19 ڕاسپاردەکان دەزانیت: [مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، قۆڵبڕی مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.][a]»

20 ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە مێردمنداڵییەوە هەموو ئەمانەم پاراستووە.»

21 عیسا سەیری کرد و خۆشی ویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ چیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.»

22 بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.

23 عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناوەوەی شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند سەختە!»

24 قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونەناو شانشینی خودا چەند سەختە! 25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

26 جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

27 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»

28 پەترۆس دەستی پێکرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.»

29 عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت، 30 ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی. 31 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.