Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود.
22 خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
2 ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
بە شەویش ئارامیم نییە.
3 لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
4 باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
5 هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.
6 بەڵام من سەگم[a] نەک مرۆڤ،
مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
7 هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
8 «پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە؟»
9 بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
10 من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.
11 لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
کەس نییە یارمەتیم بدات.
12 گای زۆر دەوریان داوم،
گایە بەهێزەکانی باشان[b] ئابڵوقەیان داوم.
13 وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
14 وەک ئاو ڕژام،
هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
لە ناخمدا تواوەتەوە.
15 هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
منت خستە ناو خاکی مەرگ.
وەڵامی دووەمی بیلدەد
18 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
2 «هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟
تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
3 بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و
لەبەرچاوتان گێل بووین؟
4 ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە،
ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و
تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟
5 «بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
6 لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و
چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
7 هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و
ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
8 بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت،
جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
9 تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و
فاقە توند دەیگرێت.
10 داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و
تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
11 بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و
هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
12 برسیێتی بڕستی لێ بڕی و
کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
13 نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات،
یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
14 لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت،
بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
15 ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت،
گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
16 لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و
لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
17 یادەوەری لە زەوی نامێنێت و
لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
18 لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و
لە جیهان دەردەکرێت.
19 نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت،
نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
20 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن،
گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
21 ئەوە نشینگەی بەدکارانە و
ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»
بەڵێنی حەسانەوەی خودایی
4 بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی بەرنەکەوێت. 2 هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. 3 ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:
[بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][a]
هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. 4 لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا.][b] 5 دیسان لەمەشدا: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.]
6 ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. 7 دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.][c]
8 لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. 9 کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت،
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.