Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.
55 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
2 گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە و لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
3 لە بیستنی دەنگی دوژمن،
لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
4 دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
5 ترس و لەرز دایگرتووم،
تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
6 گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
7 بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[a]
8 پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
9 ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
15 با مەرگ چەواشەیان بکات،
با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
وەڵامی دووەمی ئەلیفاز
15 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2 «ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و
مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
3 ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و
بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
4 بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و
خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
5 بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و
زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
6 زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،
لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
7 «ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟
یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
8 ئایا لە ئەنجومەنی خودا[a] گوێت گرتبوو؟
ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕاندووەتەوە؟
9 چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،
چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
10 پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،
تەمەنی لە باوکت زیاترە.
11 ئایا دڵنەواییەکانی خودا و
بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
12 بۆچی دڵت دەتبات و
بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
13 بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و
قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
14 «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و
لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
15 ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،
کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
16 ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە
دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
17 «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،
باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
18 ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و
ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
19 ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و
هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
20 بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،
ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
21 دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و
لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
22 لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛
چاوەڕوانی شمشێرە.
23 ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،
دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
24 تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و
بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
25 چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،
لە دژی خودای هەرە بە توانا پاڵەوانیێتی نواند،
26 بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد
بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
27 «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و
ناوقەدی خۆی بە پیو[b] ئەستوور کرد،
28 بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،
لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و
خەریکن دەبنە کەلاوە.
29 لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،
دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
30 لە تاریکی دەرباز نابێت،
کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و
بە فووێکی دەمی نامێنێت.
31 جێی باوەڕ نابێت
بە شتی پووچ وێڵ دەبێت،
چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
32 پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،
دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
33 وەک ترێ پەسیرەکانی[c] دەکەوێت و
وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
34 چونکە کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،
ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
35 بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،
سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»
داوێنپیسی
27 «بیستووتانە گوتراوە: [داوێنپیسی مەکەن.][a] 28 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە. 29 ئەگەر چاوی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. 30 ئەگەر دەستی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
تەڵاق
31 «دیسان گوتراوە: [ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.][b] 32 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
سوێندخواردن
33 «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: [سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.][c] 34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی خودایە، 35 نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی[d]، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە. 36 سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵێکی سپی یان ڕەش بکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.