Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 55:1-15

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.

55 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
    پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
    گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە و لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
    لە بیستنی دەنگی دوژمن،
    لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
    بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.

دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
    ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
ترس و لەرز دایگرتووم،
    تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
    دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
    لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[a]
پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
    دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»

ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
    چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
    خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
    دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.

12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
    بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
    دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
    هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
    بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.

15 با مەرگ چەواشەیان بکات،
    با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
    چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.

ئەیوب 11

وەڵامی یەکەمی چۆفەر

11 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
    یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆ پاک دەبێت؟
ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
    یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
    من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
    لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
    چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
    جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
    ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بە توانا؟
ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،
    لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
    لە دەریاش پانترە.

10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
    تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
11 چونکە ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
    خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
    هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
    دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
    نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
    چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
    وەک ئاوێکی تێپەڕیوو یادی دەکەیتەوە.
17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
    تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
18 دڵنیا دەبیت چونکە ئومێدت هەیە،
    دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
    زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
    پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
    ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

یەکەم کۆرنسۆس 7:10-16

10 بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، 11 بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات.

12 ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات. 13 ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە، 14 چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە.

15 بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین، 16 چونکە ئەی ژن چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.