Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 26

زەبوورێکی داود.

26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
    بەبێ دوودڵی.
ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
    مێشک و دڵم بپشکنە.
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
    بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.

لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
    تێکەڵی دووڕووان نابم.
ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
    لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
    ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
    ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
    ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
    ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
    بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
    لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.

ئەیوب 2:11-3:26

سێ هاوڕێکەی ئەیوب

11 سێ هاوڕێکەی ئەیوب هەموو ئەو نەهامەتییانەیان بیست کە بەسەر ئەیوب هاتووە، جا هەریەکە لە جێی خۆیەوە هات، ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بێن و دڵنەوایی بکەن و دڵی بدەنەوە. 12 کاتێک لە دوورەوە چاویان هەڵبڕی، نەدەناسرایەوە. دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەریەکە کەواکەی خۆی دادڕی و بەرەو ئاسمان خۆڵیان بەسەر خۆیاندا کرد. 13 لەسەر زەوی لەگەڵی دانیشتن، حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، کەسیش بە وشەیەک نەیدوواند، چونکە بینییان خەمۆکیەکەی لە ڕادەبەدەرە.

ئەیوب قسە دەکات

دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە. ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:

«با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،
    ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،
    نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و
    نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،
    با هەور دایبگرێت،
    با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،
    لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت
    نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
با ئەو شەوە نەزۆک بێت،
    هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،
    ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،
    چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،
    با گزنگی بەیان نەبینێت.
10 چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و
    چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.

11 «بۆ لە بار دایکم نەچووم،
    کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
12 بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،
    بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم.
13 چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،
    ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
14 لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،
    ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
15 یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،
    ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
16 یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،
    وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
17 لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن
    لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
18 دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،
    گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
19 لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،
    کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.

20 «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و
    ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
21 ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،
    لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
22 هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،
    دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
23 بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک
    کە ڕێگای شاردراوەتەوە،
    خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
24 چونکە ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،
    هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
25 چونکە ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،
    ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
26 ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،
    پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»

گەلاتیا 3:23-29

23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.

ڕۆڵەکانی خودا

26 هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، 27 چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. 28 جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. 29 جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.