Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 140

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

140 ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە،
    لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و
    هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.
زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە،
    ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.[a]

ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە،
    لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
    ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.
لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
    پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە،
    لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.

بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!»
    ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.
ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم،
    لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.
ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی،
    لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت،
    بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.

با سەری ئەوانەی دەوریان داوم
    بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،
10 با پشکۆیان بەسەردا ببارێت،
    بکەونە ناو ئاگرەوە،
    بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.
11 با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت،
    با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.

12 دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران،
    ماف دەدات بە نەداران.
13 بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن،
    سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.

ئەستێر 5

داواکاری ئەستێر

لە سێیەمین ڕۆژ ئەستێر جلوبەرگی شاهانەی لەبەرکرد و لە دیوانەکەی ناوەوەی کۆشکی پاشا بەرامبەر دیوەخانی پاشا ڕاوەستا، پاشاش لە دیوەخانەکە لە بەرامبەر دەروازەکە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو. کاتێک پاشا ئەستێری شاژنی بینی لە دیوانەکە ڕاوەستاوە، دڵی پێی خۆشبوو و داردەستە زێڕینەکەی دەستی بۆ ئەستێر درێژکرد. ئەستێریش چووە پێشەوە و دەستی لەسەری داردەستەکە دا.

ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنە ئەستێر، چیتە و داواکاریت چییە؟ هەتا داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت پێت دەدرێت.»

ئەستێر گوتی: «ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با ئەمڕۆ پاشا لەگەڵ هامان بێنە ئەو خوانەی کە بۆم ئامادە کردووی.»

پاشاش گوتی: «بە پەلە هامان بهێنن بۆ ئەوەی داواکەی ئەستێر جێبەجێ بکات.» ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو. پاشا لە کاتی شەراب خواردنەوە بە ئەستێری گوت: «بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «بابەتەکەم و داواکارییەکەم ئەمەیە: ئەگەر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابەتەکەم و داواکارییەکەم بۆ جێبەجێ بکات، با سبەینێ پاشا لەگەڵ هامان بێتە ئەو خوانەی کە بۆیان ئامادە دەکەم، ئەو کاتە وەڵامی پرسیارەکەی پاشا دەدەمەوە.»

ڕقی هامان لە مۆردەخای

ئەو ڕۆژە هامان بە شادی و دڵخۆشییەوە چووە دەرەوە. بەڵام کاتێک هامان لە دەروازەی پاشا مۆردەخای بینی لەبەری هەڵنەستا و خۆی تێکنەدا، زۆر ڕقی لە مۆردەخای هەستا. 10 بەڵام هامان خۆی گرت و گەڕایەوە ماڵەوە.

هامان دۆستەکانی و زەرەشی ژنی بانگکرد، 11 شانازی بە زۆری دەوڵەمەندی و زۆری کوڕەکانی کرد، هەروەها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوە و پایەی بەرزکردووەتەوە لەسەر سەرکردە و کاربەدەستەکانی دیکەی. 12 هەروەها هامان گوتی: «تەنانەت شاژنە ئەستێر جگە لە من کەسی دیکەی لەگەڵ پاشا بۆ ئەو خوانە داوەت نەکردووە کە ئامادەی کردووە، بۆ سبەینێ منیشی لەگەڵ پاشا داوەت کردووە. 13 بەڵام ئەمانە هەموویان هیچ بەهایەکیان لەلای من نییە، هەر کاتێک مۆردەخای جولەکە دەبینم لە دەروازەی پاشادا دانیشتووە.»

14 زەرەشی ژنی و دۆستەکانی پێیان گوت: «با سێدارەیەک بە بەرزی پەنجا باڵ[a] دروستبکرێت، بەیانی بە پاشا بڵێ با مۆردەخای لەسەر هەڵبواسن. پاشان بە خۆشییەوە لەگەڵ پاشا بڕۆ سەر خوانەکە.» هامان ئەو قسەیەی پێ باش بوو، فەرمانی دا سێدارەکە دروستبکرێت.

یەکەم یۆحەنا 2:18-25

ئاگاداری دژە مەسیحەکان بن

18 ڕۆڵەکان ئەمە دوا کاتژمێرە. وەک بیستووتانە دژە مەسیح دێت، ئێستاش زۆر دژە مەسیح هاتوون، بەمەدا دەزانین دوا کاتژمێرە. 19 ئەوان لێمان جیا بوونەوە، بەڵام بەڕاستی سەر بە ئێمە نەبوون، چونکە ئەگەر سەر بە ئێمە بوونایە، لەگەڵمان دەمانەوە، بەڵام چوون بۆ ئەوەی دەریبخەن کە کەسیان سەر بە ئێمە نین.

20 بەڵام مەسیحی پیرۆز بە ڕۆحی خۆی دەستنیشانی کردن[a] و هەمووتان ڕاستی دەزانن. 21 من ئەمەتان بۆ نانووسم لەبەر ئەوەی کە ڕاستی نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستی دەزانن و دەشزانن کە هیچ درۆیەک لە ڕاستییەکەوە نایەت. 22 کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەمە دژە مەسیحە، نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات. 23 هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.

24 پەیوەست بن بەوەی لە سەرەتادا بیستتان. ئەگەر بەمەوە پەیوەست بن، ئەوا بە کوڕەکە و باوکەوە پەیوەست دەبن. 25 ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.