Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 1

کۆکراوەی بەشی یەکەم

زەبوورەکانی 1‏–41

خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
    بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
    لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
    شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
    لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
    لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.

بێگومان بەدکاران وانین،
    بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
    نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.

چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.

ژیرمەندی 1

هەرچی هەیە بێ واتایە

وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
    «بێ واتای بێ واتایان!
بێ واتا هەر بێ واتایە!
    هەرچی هەیە بێ واتایە.»

مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،
    کە لەسەر زەوی[a] پێوەی ماندوو دەبێت؟
نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،
    بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،
    بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
با هەڵدەکات بەرەو باشوور و
    دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،
دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،
    هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،
    بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.
ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،
    بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
هەموو شتەکان ماندووکەرن،
    مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.
چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و
    گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،
    ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،
    هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
10 هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:
    «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»
لە دێرزەمانەوە هەر بووە،
    لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
11 کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،
    تەنانەت نەوەکانی داهاتووش
نایەنەوە یادی
    ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

دانایی بێ واتایە

12 من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم. 13 لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە! 14 ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

15 خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و
    ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.

16 لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.» 17 ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە.

18 چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و
    ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.

مەتا 23:29-39

29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ 31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە کوڕی پێغەمبەرکوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!

33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. لێیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. 35 لەبەر ئەوە هەموو خوێنێکی پاک کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»

خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم

37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][a]»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.