Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 73:21-28

21 کاتێک دڵم تەنگ بوو،
    وەک شمشێر هەناومی بڕی،
22 گێل و نەزان بووم،
    لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.

23 لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،
    دەستە ڕاستی منت گرت.
24 بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،
    پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
25 لە تۆ بەولاوە لە ئاسمان کێم هەیە؟
    ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
26 جەستە و دڵم کۆتاییان پێهات،
    بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

27 چونکە ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،
    ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
28 بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،
    یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،
    هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.

پەندەکانی سلێمان 25

پەندەکانی دیکەی سلێمان

25 ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:

شکۆمەندی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە،
    ڕێزداری پاشایان لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.
هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە،
    دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.

خڵت لە زیو داماڵە،
    ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.
بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە،
    بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.

لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە،
    لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.
وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،»
    نەک لەلای میر تەریق بیتەوە.

ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،
    خێرا مەیبە بۆ دادگا،
چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت
    ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟

کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت،
    نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،
10 نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات،
    جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.

11 سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە،
    ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
12 وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە،
    سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.

13 وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا،
    نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن،
    دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.
14 هەور و بای بێ بارانە،
    ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.

15 بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت،
    زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.

16 ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ،
    ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.
17 بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ،
    ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.

18 وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە،
    ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.
19 وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە،
    پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.
20 وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا،
    یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا،[a]
    چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.

21 ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە،
    ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
22 بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت،[b]
    یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.

23 بای باکوور باران دەهێنێت،
    زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.

24 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
    نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

25 وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت،
    هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.
26 وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە،
    ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.

27 زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە،
    ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.

28 وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە،
    ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.

کۆلۆسی 3:1-11

باوەڕدار و مەسیح

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەس، ئارەزووی بەد، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و 10 مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. 11 لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنە نەکراو، بەربەری[a] و سکیسی[b]، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.