Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 1:20-33

ئاگادرکردنەوە لە ڕەتکردنەوەی دانایی

20 دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات،
    لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
21 لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات،
    لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:

22 «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟
    هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن،
    گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
23 کە سەرزەنشتم کردن بگەڕێنەوە،
    ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم،
    وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.
24 چونکە بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە،
    دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا،
25 هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست،
    سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت،
26 جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم.
    گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت،
27 کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و
    وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و
    تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا.

28 «ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە،
    بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە.
29 لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە،
    لەخواترسییان هەڵنەبژارد،
30 لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت،
    بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد،
31 بۆیە لە بەری ڕێگای خۆیان دەخۆن،
    لە پیلانەکانیان تێر دەبن،
32 چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت،
    بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات.
33 بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
    لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»

زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].

Error: Book name not found: Wis for the version: Kurdi Sorani Standard
یاقوب 3:1-12

خراپی زمان

خوشکان و برایانم، زۆرتان مەبنە فێرکار، بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت. هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین. ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات، ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.

ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین. سەیری کەشتی بکەن، هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات، کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات. بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام بە لەخۆباییبوونەوە شانازی دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ. زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.

مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی، بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەیەکە ناگیرێت، پڕە لە ژەهری کوشندە.

بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین، هەر بەمەش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون. 10 ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە. خوشکان و برایانم، ئەمە پەسەند نییە. 11 ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟ 12 خوشکان و برایانم، ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت، یان مێو هەنجیر؟ بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.

مەرقۆس 8:27-38

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

27 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»

28 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»

29 لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»

پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت[a]

30 جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.

یەکەم باسی مردنی عیسا

31 ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە. 32 بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.

33 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادە کردن بۆ مردن

34 ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 35 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات. 36 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37 یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 38 ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.