Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
15 وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە،
بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.
2 زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە،
بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت.
3 چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە،
چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.
4 هێمنی زمان درەختی ژیانە،
بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە.
5 گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات،
بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت.
6 لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە،
بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە.
7 لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە،
بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە.
8 قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان،
بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات.
9 قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە،
بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە.
10 تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە،
ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت.
11 جیهانی مردووان و لەناوچوون[a] لەبەردەم یەزدانن،
لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!
12 گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات،
بۆ لای دانایان ناچێت.
13 دڵی شادمان ڕووخۆش دەکات،
بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.
14 دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت،
بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت.
15 هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە،
بەڵام دڵتەڕ هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.
16 باشترە کەمت هەبێت لەگەڵ لەخواترسی
لە گەنجینەی گەورە لەگەڵ سەرلێشێوان.
17 باشترە سەوزە خواردن لەو شوێنەی خۆشەویستی لێیە
لە گایەکی قەڵەو و ڕقی لەگەڵ بێت.
17 بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی، 18 هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.][a] 19 ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
20 بە باوەڕ ئیسحاق[b] داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.
21 بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد[c].
22 بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن[d].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.