Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
9 ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
10 بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.
11 دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
سوێندخواردنیشیان ساختەیە.
12 ئەوسا کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
وەک نەمامی گەشەکردوو بن،
کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
گۆشەی کۆشک بن.
13 ئەمبارەکانمان پڕ بن
لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
بە دەیان هەزار بن لەناو کێڵگەکانمان،
14 گامان باری قورس ڕابکێشیت.
بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نەیێت!
15 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.
6 ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت،
وەک ستوونی دووکەڵ،
بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە،
بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
7 ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە،
شەست پاڵەوان دەوریان داوە
لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
8 هەموو شمشێر بەدەستن،
شارەزای جەنگن،
هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە،
لەبەر مەترسییەکانی شەو.
9 سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد
لە داری لوبنان.
10 ستوونەکانی لە زیو دروستکرد،
کاریتەکانی لە زێڕ.
بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە،
ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە.
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، 11 وەرنە دەرەوە،
ئەی کچانی سییۆن، ببینن.
سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی،
کە دایکی لەسەری نا
لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی،
لە ڕۆژی شادی دڵی.
خزمەتکاری باشی مەسیح
6 ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت. 7 ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی. 8 وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
9 ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە. 10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.