Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.
45 دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
2 تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[a].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[b] و کاسیا[c] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[d] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[e] لەلای دەستە ڕاستتە.
1 گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.
ئەویندار [a]
2 با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات،
چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
3 بۆنی عەترەکەت خۆشە؛
ناوت عەتری پرژاوە،
مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.
4 پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین!
با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی.
دەستەخوشکەکان
شاد و دڵخۆش دەبین پێت،
لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە.
ئەویندار
بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
من ئەسمەرێکی جوانم،
وەک ڕەشماڵەکانی قێدار،
وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.
6 تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم،
ئەوە خۆر لێیداوم.
کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون،
منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو،
لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.
7 ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ،
لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت،
کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟
بۆچی وەک پەچەکراوێک بم،
لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟
دەستەخوشکەکان
8 ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت
بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و
کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە
لەلای نشینگەی شوانەکان.
دڵدار[b]
9 یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون
لێکم چوواندی،
10 گۆنات بە خشڵەوە جوانە،
گەردنت بە گەردانەوە.
11 خشڵی زێڕت بۆ دەکەین،
لەگەڵ نقێمی زیو.
ئەویندار
12 هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی،
ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
13 دڵدارەکەم چەپکێک موڕە
کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.
14 دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە
لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.
دڵدار
15 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت کۆترن.
ئەویندار
16 ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت،
چەند شیرینیت!
جێگاکەمان سەوزە.
دڵدار
17 کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە،
تەختەدارەکانی سەروون.
1 لە یاقوبی بەندەی خودا و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە،
بۆ دوازدە هۆزەکە[a] کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاو بوونەتەوە،
سڵاو.
تاقیکردنەوە لە دەرەوە
2 خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە جۆرەها تاقیکردنەوەوە و ناخۆشی، 3 چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. 4 با دانبەخۆداگرتن تەواو کاری خۆی هەبێت، تاکو تەواو و پێگەیشتوو بن، کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت. 5 ئەگەر یەکێکتان لە دانایی کەموکوڕی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و گلەییش ناکات، پێشی دەبەخشرێت. 6 بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و گومان نەکات، چونکە ئەوەی گومان دەکات وەک شەپۆلی دەریا وایە، با دەیهێنێت و دەیبات. 7 ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە کە شتێک لە مەسیحی باڵادەستەوە وەردەگرێت، 8 چونکە مرۆڤی ڕاڕا، لە هەموو ڕێگاکانی چەسپاو نییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.