Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
«وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
2 چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
تیر دەخەنە بەر کەوان،
بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
3 کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»
4 یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
5 یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
6 پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.
7 لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
حەزی لە دادپەروەرییە،
کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.
15 دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر. 16 بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە. 17 هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[a] بوو. 18 دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[b] و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.
19 لەناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. 20 شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. 21 سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. 22 تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
23 لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[c] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. 24 هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[d] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. 25 هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. 26 بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. 27 هەردوو کەڕوبەکەی لەناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لەناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. 28 هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
29 لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. 30 زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.
31 بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. 32 لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. 33 بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. 34 هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[e] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. 35 کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.
36 هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.
37 لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. 38 لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.
16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
ڕقی جیهان
18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22 ئەگەر نەهاتمایە و قسەم بۆ نەکردنایە، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[b]. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: [بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.][c]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.