Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 84

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

84 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    ماڵەکەت چەند خۆشە!
گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
    لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
پاساری ماڵی دەست دەکەوێت و
    پەڕەسێلکەش هێلانە، تەنانەت لە قوربانگای تۆدا،
    بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
    هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.[b]

خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
    ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە[c]،
کە بە دۆڵی فرمێسک[d] تێدەپەڕن،
    دەیکەنە کانیاو،
    پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
    تاکو هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
    خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
    سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت[e] بکە.

10 یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
    لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
    نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران.
11 چونکە یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
    یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
    ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.

12 ئەی یەزدانی سوپاسالار،
    خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.

یەکەم پاشایان 4:20-28

ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان

20 یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون. 21 سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون.

22 ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆڕ[a] لە باشترین ئارد و شەست کۆڕ[b] بڕوێش، 23 دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەڕی قەڵەو. 24 لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو. 25 هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[c].

26 سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ.

27 ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو. 28 جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی.

یەکەم سالۆنیکی 5:1-11

خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین، چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا. کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سک پڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.

بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان، چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆڵەی ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین. کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین، چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن. بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و سپەری[a] باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین، چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە، 10 ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو[b]، لەگەڵ ئەو بژین. 11 لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.