Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
101 گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم،
ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.
2 لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە.
کەی دێیت بۆ لام؟
بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم،
لەناو ماڵی خۆم.
3 شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم.
ڕقم لە کاری یاخیبووانە،
قەت بە منەوە نانووسێت.
4 دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت،
پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.
5 ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات،
دەمکوتی دەکەم،
لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز
بەرگە ناگرم.
6 چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم،
ئەوانەی ڕێگای ڕاستیان گرتووە و خزمەتم دەکەن.
7 ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت،
ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.
8 بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی
دەمکوت دەکەم،
لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم،
هەموو ئەوانەی گوناهبارن.
هێنانی سندوقی پەیمان بۆ پەرستگا
8 لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە. 2 هەروەها لە جەژنی مانگی ئێتانیم کە لە مانگی حەوتە[a] هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای سلێمانی پاشا کۆبوونەوە.
3 ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و کاهینەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت، 4 سندوقی یەزدان و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهین و لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە، 5 سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
6 ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە. 7 دوو کەڕوبەکە باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سێبەریان بەسەر سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیدا کردبوو کە بۆ هەڵگرتنیەتی. 8 ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان. 9 ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
10 ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە. 11 کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد.
12 ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت. 13 ئەوەتا پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
14 کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد. 15 ئینجا گوتی:
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی: 16 ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت، بەڵکو داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
17 «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. 18 بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”لەبەر ئەوەی لە دڵتدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت، باشت کرد کە ئەمە لە دڵتدا بوو. 19 لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت، ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
20 «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا. 21 لەوێشدا شوێنێکم بۆ ئەو سندوقە دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ باوباپیرانماندا بەستی، کاتێک لە خاکی میسری هێنانە دەرەوە.»
فێرکردنی فەریسییەکان
14 قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15 عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
16 لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»
17 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟ 18 خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19 کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»
20 «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»
21 ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.