Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
16 بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ:
«تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت،
یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟
17 تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و
فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.
18 کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت،
بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.
19 دەمت بە خراپە دەکەیتەوە،
زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.
20 دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت،
بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.
21 ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم،
وات زانی منیش وەک تۆم.
بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و
ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
15 هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت. 16 داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە. 17 پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.
18 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»
19 کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»
20 ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.
21 خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»
22 ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان بەزەیی پێمدا بێتەوە و منداڵەکە بژیێت.“ 23 بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»
24 ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشی ویست، 25 هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا[a].
ژیانی نوێ بە مەسیح
17 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم و بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێداگریش لەسەر ئەمە دەکەم، کە ئیتر وەک نەتەوەکان مەژین، ئەوانەی کە بیریان پووچە، 18 کە مێشکیان تاریکە، لەبەر ئەو نەزانییەی تێیاندایە و لەبەر دڵڕەقییان لە ژیانی خودا دابڕاون. 19 ئەوانەی هەستیان نەماوە خۆیان داوەتە دەست بەڕەڵایی، بۆ ئەوەی بە چاوچنۆکییەوە هەموو کارێکی گڵاو بکەن.
20 بەڵام ئێوە بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون، 21 کە سەبارەت بەو بیستووتانە و بەگوێرەی ئەو ڕاستییەی کە لە عیسایە فێرکراون. 22 فێرکراون شێوازی ژیانی پێشووتان کە مرۆڤە کۆنەکەیە، دابکەنن، چونکە بە ئارەزووە هەڵخەڵەتێنەرەکانی گەندەڵ بووە، 23 هەروەها شێوازی بیرکردنەوەتان نوێ بکەنەوە، 24 مرۆڤی نوێ لەبەر بکەن، ئەوەی خودا وەکو خۆی بەدیهێناوە لە ڕاستودروستی و پیرۆزیی ڕاستەقینە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.