Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
26 کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. 27 پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود ناردی بەدوایدا و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە و بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام ئەم کارەی داود کردی، لەبەرچاوی یەزدان ناپەسەند بوو.
سەرزەنشتی داود لەلایەن ناتانەوە
12 یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار. 2 پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو. 3 بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.
4 «ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»
5 داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە! 6 لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»
7 ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت. 8 ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر ئەوەش کەم بووایە ئەوا زیاتریشم بۆ دەکردیت. 9 ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت. 10 ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“
11 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت. 12 تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»
13 داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.»
ناتان وەڵامی دایەوە: «هەروەها یەزدانیش لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.
51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
لە گوناهم پاکم بکەرەوە.
3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
7 بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
یەک جەستە و یەک ڕۆح
4 منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. 2 بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن. 3 تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی. 4 هەروەک یەک جەستە و یەک ڕۆح هەیە، بۆ یەک هیوای بانگەوازەکەتان کە بانگکران، 5 یەک مەسیحی خاوەن شکۆ، یەک باوەڕ، یەک لەئاوهەڵکێشان، 6 یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە.
7 بەڵام بەگوێرەی پێوانەی بەخشینی مەسیح نیعمەت بە هەر یەکێکمان دراوە، 8 بۆیە دەفەرموێ:
[کاتێک ئەو بەرزبووەوە بۆ بەرزایی،
دیلێکی زۆری لەگەڵ خۆی برد،
دیاری بە خەڵکی بەخشی.][a]
9 مەبەست لە «بەرزبووەوە» چییە، جگە لەوەی کە دابەزیوەتە نزمترین شوێنی زەوی؟ 10 ئەوەی دابەزی هەر خۆی بەرزبووەوە بۆ سەر هەموو ئاسمان، تاکو هەمووی پڕ بکاتەوە. 11 ئیتر مەسیح بە هەندێکی دا ببنە نێردراو، هەندێک پێغەمبەر، هەندێک مزگێنیدەر، هەندێک شوان و مامۆستا، 12 بۆ ئامادەکردنی گەلی پیرۆزی خۆی بۆ کاری خزمەت، بۆ بنیادنانی جەستەی مەسیح، 13 هەتا هەموومان بگەین بە یەکێتی باوەڕ و ناسینی کوڕی خودا، ببینە مرۆڤێکی پێگەیشتوو، بگەینە ئەندازەی تەواوی پڕیێتی مەسیح.
14 بۆ ئەوەی لەمەولا ساوا نەبین، شێواو و هەڵگیراو بە هەموو بایەکی فێرکردن، بە فێڵی خەڵکی، بە مەکر بەرەو چەواشەی تەڵەکەبازی. 15 بەڵکو لە خۆشەویستیدا ڕاستگۆ بین، با لە هەموو شتێکدا گەشە بکەین، لەناو ئەوەی سەرە، واتە مەسیح. 16 بەهۆی مەسیحەوە هەموو کڵێسا لە خۆشەویستیدا گەشە دەکات و خۆی بنیاد دەنێت، وەک چۆن ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ تێک هەڵکێشراون و بە جومگەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، هاوکاری یەکتری دەکەن.
24 کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، لە عیسا دەگەڕان.
منم نانی ژیان
25 کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»
26 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی پەرجووەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27 بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
28 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»
29 عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»
30 ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ 31 باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان[a] خوارد، وەک نووسراوە: [لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.][b]»
32 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، 33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»
34 لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»
35 عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.