Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان. زەبوورێکی داودە. کاتێک ناتانی پێغەمبەر هاتە لای دوای ئەوەی داود لەگەڵ بەتشەبەع[a] جووتبوو.
51 ئەی خودایە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵم میهرەبان بە،
بەگوێرەی زۆری بەزەیی خۆت یاخیبوونم بسڕەوە.
2 بە تەواوی لە تاوانم بمشۆرەوە و
لە گوناهم پاکم بکەرەوە.
3 چونکە من یاخیبوونم دەزانم،
هەمیشە گوناهم لەبەردەممە.
4 لە دژی تۆ، تەنها تۆ، گوناهم کرد،
لەبەرچاوی تۆ خراپەم کرد،
تاکو لە بڕیارەکانت ڕاست بیت،
دادپەروەر بیت لە حوکمەکانت.
5 ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم،
گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.
6 ئەوەتا لە ناوەڕۆکەوە بە ڕاستی دڵشاد دەبیت،
لە ویژدانەوە فێری داناییم دەکەیت.
7 بە زوفا[b] پاکم بکەرەوە پاک دەبم،
بمشۆرەوە لە بەفر سپیتر دەبم.
8 با گوێم لە شادی و خۆشی بێت،
با ئەو ئێسقانانەی وردوخاشت کردووە شاد بن.
9 چاو لە گوناهەکانم بپۆشە و
هەموو خراپەکانم بسڕەوە.
10 ئەی خودایە، دڵێکی پاکم تێدا دروستبکە و
ڕۆحێکی چەسپاو لە ناخم نوێ بکەرەوە.
11 لە بەرچاوی خۆت دەرممەکە،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مەستێنەوە.
12 شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بدەوە،
بە ڕۆحێکی خۆویستانە پشتگیریم بکە.
19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی. 20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.
21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»
22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە. 23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“ 24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»
25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان. 26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.
سووکایەتیکردن بە کڵێسای خودا
17 بەم ئامۆژگارییە ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی لە سوود زیاترە. 18 پێش هەموو شتێک، دەبیستم کاتێک وەک کڵێسا کۆدەبنەوە دووبەرەکی لەنێوانتاندا هەیە و هەتا ڕادەیەکیش باوەڕ دەکەم. 19 بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت، تاکو ئەو باوەڕدارانەی کە جێی ڕەزامەندی خودان دەربکەون. 20 بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە، 21 چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت. 22 ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.