Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
12 خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و
ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،
13 بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت،
چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.
14 بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و
کەوانەکانیان دەچەمێننەوە،
بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن،
بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.
15 بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان،
کەوانەکانیان تێکدەشکێت.
16 ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی،
لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،
17 چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت،
بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.
18 یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین،
هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.
19 لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن،
لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.
20 بەڵام بەدکاران دەفەوتێن،
دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن،
وەک دووکەڵ لەناودەچن.
21 بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە،
بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.
22 ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە،
بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.
14 بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. 15 لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
16 جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. 17 لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
18 یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. 19 فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، 20 ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ 21 کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی[a] کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
سوپاس بۆ بەخشینتان
10 زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، وا ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن، بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن. 11 من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم. 12 دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم. 13 دەتوانم هەموو ئەم شتانە بکەم لە ڕێگەی مەسیحەوە کە بەهێزم دەکات.
14 لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم. 15 ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت. 16 تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو. 17 نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار بکرێت. 18 ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات. 19 خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی. 20 ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.