Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 14

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[a] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[b] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

دووەم ساموئێل 10:13-19

13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.

15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست. 16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.

17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد. 19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.

ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.

یۆحەنا 4:31-38

31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، بخۆ!»

32 بەڵام پێی فەرموون: «خواردنێکم هەیە بیخۆم، کە ئێوە نایزانن.»

33 لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»

34 عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە بە خواستی ئەوە بکەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. 37 لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ 38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.