Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 61

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە.

61 ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت،
    گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم،
    کە دڵم لاواز دەبێت،
    پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر.
چونکە تۆ پەناگای منی،
    قوللەیەکی سەختی لە ڕووی دوژمن.

با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و
    پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.[a]
ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت،
    منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.

درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا،
    بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دانیشێت،
    دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.

ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم،
    ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.

دووەم ساموئێل 9

داود و مەفیبۆشەت

داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی لەگەڵدا بکەم؟»

بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکاری تۆم.»

پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»

چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»

پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟»

چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»

ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.

کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.

داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، ئەمەتا خزمەتکارەکەت.»

داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»

مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»

ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە. 10 خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.

11 چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.

12 مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون. 13 مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.

لۆقا 15:1-7

نموونەی مەڕە ونبووەکە

15 هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»

عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست[a] کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.