Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 89:20-37

20 داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە،
    بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد[a].
21 ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت،
    هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
22 دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت،
    نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
23 لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم،
    ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
24 دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە،
    بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
25 وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت،
    دەستە ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
26 هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی،
    خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
27 منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم،
    بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
28 هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم،
    پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
29 وا دەکەم هەتاهەتایە نەوەی هەبێت،
    تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.

30 «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن،
    ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
31 ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن،
    ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
32 لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم،
    بە لێدان گوناهەکانیان،
33 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە،
    درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
34 پەیمانی خۆم ناشکێنم و
    قسەی خۆم ناگۆڕم.
35 جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد،
    درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
36 هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و
    تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
37 هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت،
    ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»

یەکەم پوختەی مێژوو 14:1-2

کۆشک و خێزانی داود

14 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن. ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.

کردار 17:16-31

پۆڵس لە ئەسینا

16 کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. 17 بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. 18 هەندێک فەیلەسوفی ئەپیکوری[a] و ستۆیکی[b] گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد، هەندێک دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکە گوتیان: «دیارە بانگەواز بۆ هەندێک خوداوەندی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. 19 ئینجا بردییانە ئاریۆپاگۆس[c] و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ 20 چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» 21 لەبەر ئەوە هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.

وتارێک لە ئاریۆپاگۆس

22 پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. 23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“‏ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.

24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. 25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. 26 هەموو نەتەوەکانی لە یەکێک دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاریی کردوون، 27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. 28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[d] وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[e]

29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی لە پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. 30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاریی کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.