Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 68:24-35

24 ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
    کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
25 گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە،
    کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان.
26 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
    ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
27 ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
    کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
    سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.

28 ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
    ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
29 لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
    پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
30 سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
    ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،[a]
تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
    ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
31 باڵوێز لە میسرەوە دێن،
    کوش[b] دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.

32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
    مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
    ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
    ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
    ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
    خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.

ستایش بۆ خودا!

دووەم ساموئێل 6:16-23

16 کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.

17 ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لەناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی[a] لەبەردەم یەزداندا سەرخست. 18 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 19 هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتە تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.

20 داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»

21 داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم. 22 لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»

23 میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.

لۆقا 7:31-35

31 عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟ 32 لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن:

«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
    شینمان بۆ کردن و نەگریان.“

33 یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 34 کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ 35 بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.