Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 68:24-35

24 ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
    کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
25 گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە،
    کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان.
26 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
    ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
27 ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
    کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
    سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.

28 ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
    ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
29 لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
    پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
30 سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
    ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،[a]
تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
    ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
31 باڵوێز لە میسرەوە دێن،
    کوش[b] دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.

32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
    مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
    ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
    ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
    ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
    خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.

ستایش بۆ خودا!

دووەم ساموئێل 3:12-16

12 ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»

13 داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە، ڕووی من نابینیت، ئەگەر یەکەم جار میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت.» 14 ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»

15 لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش. 16 مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.

کردار 23:12-35

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12 کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون. 14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15 ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»

16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی[a] شەو بچنە قەیسەرییە. 24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26 لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان. 29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان[b] هێنا. 32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.