Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:
18 ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.
2 یەزدان تاشەبەردی[a] منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.
3 لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
4 پەتی مەرگ شەتەکی داوم،
لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
5 پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
6 لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
هاوارم گەیشتە بەرگوێی.
43 لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم،
تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان،
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.
44 هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن،
بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.
45 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
46 یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!
47 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،
48 لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
49 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
50 سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.
خۆکوشتنی شاول
10 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. 2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکیشوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. 3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.
4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»
بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. 5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد. 6 شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.
7 کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. 9 ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان[a] برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.
11 کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.
13 شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر[b] کرد بۆ ڕێنمایی و 14 داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
14 کاتێک گەیشتنە لای قوتابییەکان، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15 کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد و سڵاویان لێکرد.
16 عیسا لێی پرسین: «لەبارەی چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. 18 لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
19 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
21 عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»
گوتی: «لە منداڵییەوە. 22 زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر و ناو ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
23 عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
24 یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
25 عیسا کە بینی خەڵکەکە ڕاکەڕاکەیانە، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
26 ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» 27 بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
28 عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.