Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ס (سامخ)
113 ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
114 تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
115 ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،
تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
116 بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
117 پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
118 هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
چونکە فێڵەکەیان پووچە.
119 هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
120 لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
لە حوکمەکانت دەترسم.
ע (عەین)
121 دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
ڕادەستی زۆردارم مەکە.
122 بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
123 چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
بۆ بەڵێنی ڕاستودروستیت[a].
124 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
125 من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،
بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
126 کاتی کارکردنە بۆ یەزدان،
چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
127 لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
128 هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
8 جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
9 بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند، 10 شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
11 پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.» 12 ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو. 13 پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
14 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.»
15 ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.» 16 بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
17 جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟»
میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم: ”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێتسەیدا، تاکو خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 کە خواحافیزی لێکردن، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.
47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوون، چونکە بایەک پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.
ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.» 51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و بایەکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن. دڵیان هەر ڕەق بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.