Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
9 یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،
قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
10 ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان[a] پشتت پێ دەبەستن،
چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.
11 گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن[b] نیشتەجێیە،
لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن.
12 چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،
هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.
13 ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!
لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە[c]،
14 تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ[d] بە ستایشی تۆوە بدوێم،
هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.
15 نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،
پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
16 یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،
بەدکارەکان دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.[e]
17 بەدکارەکان بەرەو جیهانی مردووان. دەڕۆن،
هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
18 بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،
ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.
19 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،
با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
20 ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،
با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
55 کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
56 پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
57 کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
58 شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»
داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێتلەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»
پەیمانی داود و یۆناتان
18 ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست. 2 شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. 3 یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشی ویست. 4 ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.
5 داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.
پێشبینییەکان دەربارەی ئازاری پۆڵس
21 کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس[a] ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. 2 لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. 3 ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. 4 لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە، بە ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس دەکرد[b] نەچێتە ئۆرشەلیم. 5 کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان تاکو دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەنارەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. 6 پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.
7 کە لە سورەوە گەشتەکەمان کۆتایی پێ هات، گەیشتینە پتولمایس، سڵاومان لە برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. 8 بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە[c]، لەلای ماینەوە. 9 ئەم چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.
10 کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. 11 هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”خاوەنی ئەم پشتێنە، ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە لە ئۆرشەلیم دەیبەستنەوە و دەیدەنە دەست نەتەوەکان.“»
12 کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. 13 بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» 14 کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»
15 دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. 16 هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.