Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 8:4-11

جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»

بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و پێیان ڕابگەیەنە لە مافەکانی ئەو پاشایە کە حوکمڕانییان دەکات.»

10 ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. 11 گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن.

یەکەم ساموئێل 8:12-15

12 هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. 13 کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. 14 باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باغی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. 15 دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی.

یەکەم ساموئێل 8:16-20

16 کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. 17 دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی[a] ئەو. 18 جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»

19 بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، 20 تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»

یەکەم ساموئێل 11:14-15

14 پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.» 15 جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.

زەبوورەکان 138

بۆ داود.

138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
    ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
    چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
    ئازا و بوێرت کردم.

ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
    کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
    چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.

چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
    بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
    دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
    بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
    ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
    واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.

دووەم کۆرنسۆس 4:13-5:1

چاونەترسی لە خزمەتکردن

13 کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: [باوەڕم کرد بۆیە قسەم کرد،][a] ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین. 14 دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی. 15 هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.

16 بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناوەڕۆکمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، 17 چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. 18 ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.

ماڵی هەتاهەتایی

لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان[b] ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە.

مەرقۆس 3:20-35

عیسا و سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان

20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»

22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول[a] دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»

23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن، 29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» 30 ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»

دایک و براکانی عیسا

31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»

33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»

34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.