Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ داود.
138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
ئازا و بوێرت کردم.
4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
5 گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
6 چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.
سندوقی خودا لە ئەشدۆد و عەقرۆن
5 فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد[a]. 2 ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن[b] دایاننا. 3 جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە. 4 بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە. 5 لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ لەسەر سەکۆی دەرگاکە نانێن.
6 یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی[c] جەستەی کردن. 7 کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.» 8 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.
9 بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن. 10 ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد.
جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.» 11 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» چونکە ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو. 12 ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.
ماڵی هەتاهەتایی
5 لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان[a] ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. 2 ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین، شەیداین ماڵی ئاسمانیمان لە سەری بپۆشین، 3 چونکە ئەگەر پۆشیمان بە ڕووتی نابینرێین. 4 لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. 5 خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.