Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت.
2 یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە.
4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە.
6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە،
7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت و
تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
18 بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو. 19 دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد. 20 عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی: «یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.» ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان. 21 جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.
ئەنجومەنی ئۆرشەلیم
15 هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.» 2 کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون. 3 پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە نەتەوەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە. 4 کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.
5 بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»
بڕیاری کۆبوونەوەی کڵێسا
22 ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباس بۆ ئەنتاکیا بیاننێرن، یەهوزا کە نازناوی بەرساباس بوو لەگەڵ سیلا، دوو پیاو کە لەنێو باوەڕداراندا پێشەوا بوون. 23 بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی[a]:
لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان،
بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا:
سڵاو.
24 بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. 25 بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بۆ لاتان بنێرین، 26 پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. 27 جا یەهوزا و سیلامان بۆ ناردن تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، 28 چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: 29 خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن.
ماڵ ئاوا.
30 ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. 31 کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. 32 یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. 33 پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، ⌟ 34 بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.⌞ 35 پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.