Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
منت ناسی.
2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
تۆ بە تەواوی دەیزانی.
5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
دەستت دەخەیتە سەرم.
6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
لەدایکبوونی ساموئێل
1 پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو. 2 دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
3 ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو. 4 جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات، 5 بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو. 6 هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو. 7 وای دەکرد، ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا بۆ ماڵی یەزدان بچووایە، هەوێیەکەی ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد. 8 ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
9 لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو. 10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان. 11 حەنا نەزرێکی[a] کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد، 13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە. 14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم. 16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
بابەتی پۆڵس لەلای قەیسەر
25 کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم. 2 کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لێی پاڕانەوە، 3 تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن. 4 فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.» 5 ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»
6 دوای هەشت تاکو دە ڕۆژ لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، فەرمانی دا پۆڵس بهێنن. 7 کاتێک هات، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیم هاتبوون لێی کۆبوونەوە، تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.
8 ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»
9 بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»
10 پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، خۆت باش دەزانیت. 11 ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»
12 ئینجا فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکاران قسەی کرد و وەڵامی دایەوە: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.