Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
6 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2 سەرافیمەکان[a] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
5 گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
6 ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 7 لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
8 ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. 13 ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، 14 چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. 15 ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان[a] وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» 16 ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. 17 ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەی تاکو لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.
لەدایکبوون لە ڕۆح
3 پیاوێک لە فەریسییەکان هەبوو بە ناوی نیقۆدیمۆس، یەکێک بوو لە ڕابەرانی جولەکە. 2 بە شەو هاتە لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لەلای خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت، ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت.»
3 عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە[a]، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.»
4 نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە؟»
5 عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. 6 ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. 7 سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ 8 با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.»
9 نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟»
10 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی ئیسرائیلی و ئەمانەش نازانیت؟ 11 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان قبوڵ ناکەن. 12 باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ 13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە. 14 وەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی[b] بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، 15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.»
16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، 17 چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.