Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
15 مرۆڤ دەچەمێتەوە و
پیاو نزم دەبێت،
چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
16 بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
17 مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
18 قوڕبەسەر ئەوانەی بە پەتی پووچی تاوان ڕادەکێشرێن،
گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
19 ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،
با خێرا بێت لە کارەکەی
بۆ ئەوەی ببینین.
با نزیک بێتەوە و بێتە دی،
هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»
20 قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و
بە چاکیش دەڵێن خراپ،
ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و
ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،
ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و
شیرین دەکەن بە تاڵ.
21 قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،
لەلای خۆیان تێگەیشتوون.
22 قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،
پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
23 بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،
ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
24 لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە؛
چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
ڕقی جیهان
18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن.
26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.