Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
1 خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
نەتەوەیەکی یاخی
2 ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە،
چونکە یەزدان دەفەرموێت:
«چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن،
بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
3 گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی،
بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گەلی من تێناگات.»
4 قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار،
بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە،
توخمی بەدکاران،
کوڕانی گەندەڵین!
وازیان لە یەزدان هێنا،
بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد،
پشتیان لێی کرد.
16 «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە.
خراپەی کردەوەکانتان
لەبەرچاوم لاببەن!
وازبهێنن لە خراپەکاری،
17 فێری چاکە بن!
بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن،
ستەملێکراوان هانبدەن.
دادوەری هەتیو بکەن،
پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
18 یەزدان دەفەرموێت:
«ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە.
ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت،
وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛
ئەگەر وەک قرمز سوور بێت،
وەک خوری لێدێت.
19 ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
20 بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن،
بە شمشێر دەخورێن،»
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
ئازادبوون لە مردن
8 کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، 2 چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. 3 خودا ئەوەی کرد کە تەورات بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار[a] نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، 4 تاکو داواکارییە دروستەکانی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.
5 ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. 6 بایەخی سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخی ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. 7 بایەخی سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی تەوراتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. 8 جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.