Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 104:24-34

24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
    هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
    زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
    کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
    لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
    بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
    دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
    هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
    دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
    ئەوان بەدیهێنراون،
    ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
    با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
    دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
    تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
    منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.

زەبوورەکان 104:35

35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
    با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا![a]

پەیدابوون 11:1-9

قوللەی بابل

11 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار[a] دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیڕیش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل[b]، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

یەکەم کۆرنسۆس 12:12-27

یەک لەش و ئەندامی زۆر

12 هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، 13 چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە. 14 لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.

15 ئەگەر قاچ بڵێت: «چونکە دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 16 ئەگەر گوێ بڵێت: «چونکە چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 17 ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی بیستن بووایە، ئەی کوا بۆن کردن؟ 18 بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی. 19 ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟ 20 جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.

21 چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.» 22 بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە، 23 ئەو ئەندامەی لەش کە وادەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین، 24 بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز، 25 تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. 26 ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.

27 ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.