Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا، خودایان لەکوێیە؟»
3 خودامان لە ئاسمانە،
هەرچی حەز بکات، دەیکات.
4 بتەکانیان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
گەورە و بچووکیش.
14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
هەلیلویا!
5 لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و 6 گوتم:
«خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. 7 لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتنە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.
8 «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک میهرەبانی لەلایەن یەزدانی پەروەردگارمانەوە بوو، هەتا دەربازبوونمان بۆ بهێڵێتەوە و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی بداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و کەمێک ژیانمان بداتێ لە کۆیلایەتییەکەمان. 9 هەر چەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین، بۆ ئەوەی ژیانمان پێبدات، بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، تاوەکو لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکمان بداتێ.
10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە ئێمە چی بڵێن؟ چونکە وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، 11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بە گڵاوی گەلانی خاکەکان، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لە سەرەتای خاکەکەوە هەتا کۆتایی پڕیان کردووە لە گڵاوی. 12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەتاهەتایە داوای خێر و خۆشییان بۆ مەکەن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“
13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. 14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟ 15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»
16 «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
هاتنی خۆشی دوای ناخۆشی
17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟» 18 گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
19 عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟ 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی. 21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. 22 ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23 لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 24 هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەواو بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.