Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا، خودایان لەکوێیە؟»
3 خودامان لە ئاسمانە،
هەرچی حەز بکات، دەیکات.
4 بتەکانیان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
گەورە و بچووکیش.
14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
هەلیلویا!
جیاکردنەوەی لێڤییەکان
5 یەزدان قسەی بۆ موسا کرد و فەرمووی: 6 «لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ببە و بەپێی ڕێوڕەسم[a] پاکیان بکەرەوە. 7 ئاواش دەکەیت بۆ پاککردنەوەیان: ئاوی پاککردنەوەیان بەسەردا بپرژێنە، با هەموو لەشیان بتاشن و جلەکانیان بشۆن. بەم شێوەیە خۆیان پاک بکەنەوە. 8 ئینجا جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی کە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوە ببەن و جوانەگایەکی دیکەش بۆ قوربانی گوناه ببە. 9 جا لێڤییەکان دەبەیتە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کۆدەکەیتەوە، 10 لێڤییەکان دەبەیتە بەردەم یەزدان و نەوەی ئیسرائیل دەستیان دەخەنە سەر. 11 جا هارون لێڤییەکان لەبەردەم یەزدان پێشکەش دەکات وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پەرستنی یەزدان.
12 «ئینجا لێڤییەکان دەستیان دەخەنە سەر دوو جوانەگاکە، یەکێکیان وەک قوربانی گوناه پێشکەش دەکرێت و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، بۆ کەفارەتکردن بۆ لێڤییەکان. 13 جا لێڤییەکان لەبەردەم هارون و کوڕەکانی ڕادەگریت و وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان پێشکەشیان دەکەیت. 14 بەم شێوەیە لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیل جیا دەکەیتەوە، لێڤییەکان بۆ من دەبن.
15 «لەدوای ئەوە لێڤییەکان دێن بۆ ئەوەی خزمەتی چادری چاوپێکەوتن بکەن، کاتێک پاکیان دەکەیتەوە و وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشیان دەکەیت، 16 چونکە ئەوان لەنێو نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی بە من دراون، لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نێری سک لە نەوەی ئیسرائیلدا من بۆ خۆمم داناون. 17 هەموو نۆبەرەیەکی نێر، خەڵک یان ئاژەڵ لە نەوەی ئیسرائیلدا بۆ منە. ئەو ڕۆژەی لە هەموو نۆبەرەیەکم دا[b] لە خاکی میسر، بۆ خۆمم تەرخان کردن. 18 ئینجا لێڤییەکانم بۆ خۆم دانا لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل. 19 لێڤییەکانم بە تەواوی بە هارون و کوڕەکانی بەخشیوە لەنێو نەوەی ئیسرائیل، هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل خزمەت بکەن، هەروەها بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل تاکو نەوەی ئیسرائیل تووشی هیچ دەردێک نەبێت لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە پیرۆزگا.»
20 موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل ئاوایان بۆ لێڤییەکان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان. 21 جا لێڤییەکان خۆیان پاککردەوە و جلەکانیان شوشت، هارون لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشی کردن، هارون کەفارەتی بۆ کردن بۆ پاکبوونەوەیان. 22 لەدوای ئەوە لێڤییەکان هاتن هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لەبەردەم هارون و لەبەردەم کوڕەکانی خزمەتەکەیان بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان، ئاوایان لەگەڵدا کردن.
1 لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، 2 بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. 3 لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.
4 بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان:
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.
ڕاسپاردەی دانانی پیران
5 لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[b] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت، 6 پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. 7 لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 8 بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. 9 دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.