Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا، خودایان لەکوێیە؟»
3 خودامان لە ئاسمانە،
هەرچی حەز بکات، دەیکات.
4 بتەکانیان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
گەورە و بچووکیش.
14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
هەلیلویا!
29 «ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان. 30 هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم[a] دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.
جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی
31 «کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە. 32 کونی سەریشی لەناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی سپەر یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت. 33 لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان. 34 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت. 35 دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.
36 «پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە ”پیرۆزی بۆ یەزدان“[b]. 37 بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت. 38 لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.
سوپاسی خودا و پاڕانەوە
3 سوپاسی خودا دەکەم هەر کاتێک یادتان بکەم، 4 هەمیشە لە هەموو پاڕانەوەکانم بە خۆشییەوە بۆ هەمووتان داوا دەکەم، 5 چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا بەشداریتان لە خزمەتی ئینجیلدا کردووە. 6 لەمەشدا دڵنیام، خودا کە لە ئێوەدا ئەم ئیشە چاکەی دەستپێکردووە، هەتا ڕۆژی عیسای مەسیح تەواوی دەکات.
7 کەواتە ئەمە ڕاستە سەبارەت بە هەمووتان ئەم هەستەم هەبێت، چونکە ئێوە لە دڵی مندان. ئەگەر بە کۆت و زنجیرەوە بم، یاخود لە کاتێکدا بەرگری لە پەیامی ئینجیل و چەسپاندنی دەکەم، هەمووتان لە نیعمەت لەگەڵم بەشدارن. 8 خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح.
9 لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات، 10 تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن، 11 تاکو پڕببن لە بەرهەمی ڕاستودروستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بۆ شکۆ و ستایشی خودا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.