Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
15 ڕۆژێکیان پەترۆس لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداران دابوو، هەستا و گوتی: 16 «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت. 17 لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
21 کەواتە پێویستە ئەو پیاوانەی یاوەرمان بوون، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵمان دەژیا، 22 لە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیاوە تاکو ئەو ڕۆژەی لێمان بەرزکرایەوە، یەکێک لەوان لەگەڵمان ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
23 جا دووانیان هێنایە پێشەوە: یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس. 24 نوێژیان کرد: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە، 25 تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، تاکو بچێتە شوێنی خۆی.» 26 ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
9 ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 10 ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 11 ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. 12 ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.
دڵنیایی ژیانی هەتاهەتایی
13 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە.
6 «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. 7 ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. 8 ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. 9 بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. 11 ئەمان لەجیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 12 کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوو کوڕی لەناوچوو[a] نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی.
13 «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمە دەکەم، تاکو شادی منیان بە تەواوی لە خۆیاندا هەبێت. 14 من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 15 داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی. 16 ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 17 بە ڕاستی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە. 18 وەک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. 19 بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.