Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 8:26-40

فیلیپۆس و وەزیری حەبەشە

26 فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆس گوت: «هەستە و بەرەو خواروو بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.» 27 ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی، وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی[a] شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم. 28 لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە. 29 ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و دەگەڵ ئەو گالیسکەیە بکەوە.»

30 ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»

31 گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.

32 ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو:

[ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا،
    وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە،
    ئەو دەمی نەکردەوە.
33 لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێ بەشکرا.
    ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟
    چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.][b]

34 خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟» 35 ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.

36 کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» ⌟ 37 فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»⌞ 38 ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا. 39 کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 40 فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.

زەبوورەکان 22:25-31

25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
    نەزرەکانم[a] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[b] و تێر دەبن،
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
    دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
    هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
    ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
    هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
    ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
    باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
    چونکە ئەم کارەی[c] کردووە.

یەکەم یۆحەنا 4:7-21

خودا خۆشەویستییە

خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە. بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین. 10 خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی[a] گوناهەکانمان نارد. 11 خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ. 12 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.

13 بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش لەگەڵ ئێمە دەژیێت، ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین. 14 ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان. 15 هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت. 16 ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد.

خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت. 17 بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین. 18 خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.

19 خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین. 20 ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە. 21 لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.

یۆحەنا 15:1-8

من مێوی ڕاستەقینەم

15 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.

«منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. باوکم بەمە شکۆدار دەبێت، کە بەرهەمی زۆر بهێنن، بەم شێوەیە دەبنە قوتابی من.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.