Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
نەزرەکانم[a] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[b] و تێر دەبن،
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.
27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.
29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
چونکە ئەم کارەی[c] کردووە.
11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە.
13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
9 پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» 10 گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەمەیە هێزی خودا کە پێی دەگوترێ گەورە.» 11 ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. 12 بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. 13 شیمۆنیش باوەڕی هێنا، کاتێک لە ئاو هەڵکێشرا دوای فیلیپۆس کەوت، نیشانە و پەرجووی گەورەی دەبینی دەکرا، سەرسام بوو.
14 کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن. 15 کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن تاکو ڕۆحی پیرۆز وەربگرن، 16 چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشرابوون. 17 جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.
18 شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و 19 گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»
20 پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت! 21 لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. 22 لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت، 23 چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و لە بەندی گوناهیت.»
24 شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»
25 دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.